Add parallel Print Page Options

چەند نێردراوێکی بۆ لای بەلعامی کوڕی بەعۆر نارد بۆ پەتور کە نزیک ڕووباری فوراتە لە خاکی نەوەی گەلەکەی، بۆ ئەوەی بانگی بکات و بڵێت:

«وا گەلێک لە میسر هاتووە و ڕووی زەوی داپۆشیوە و لەتەنیشتم نیشتەجێیە. ئێستاش وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم، چونکە لە من مەزنترن. بەڵکو بتوانم بیانشکێنم و لە خاکەکە دەریانبکەم، چونکە زانیومە ئەوەی داوای بەرەکەتی بۆ بکەیت بەرەکەتدار کراوە و ئەوەی نەفرەتی لێ بکەیت نەفرەت لێکراوە.»

پیرانی مۆئاب و پیرانی میدیان بە کرێی فاڵگرتنەوە بەڕێکەوتن و هاتنە لای بەلعام و بە وتەکانی بالاق لەگەڵیدا دوان.

ئەویش پێی گوتن: «ئەمشەو لێرە بمێننەوە، یەزدان چیم پێ بڵێت، ئاوا وەڵامتان دەدەمەوە.» ئینجا پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای بەلعام مانەوە.

ئینجا خودا هاتە لای بەلعام و فەرمووی: «ئەو پیاوانە کێن کە لەلاتن؟»

10 بەلعامیش بە خودای گوت: «بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب بەدوامدا ناردوویەتی و دەڵێت، 11 ”ئەو گەلەی لە میسرەوە هاتووە ڕووی زەوی داپۆشیوە. ئێستا وەرە و نەفرەتیان لێ بکە بۆم، هەتا بتوانم لەگەڵیاندا بجەنگم و دەریانبکەم.“»

12 بەڵام خودا بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵیاندا مەڕۆ و نەفرەت لە گەلەکە مەکە، چونکە بەرەکەتدارن.»

13 بەلعام بەیانی هەستا و بە پیاوە گەورەکانی بالاقی گوت: «بۆ خاکەکەتان بگەڕێنەوە، چونکە یەزدان ڕازی نەبوو ڕێم بدات لەگەڵتان بێم.»

14 پیاوە گەورەکانی مۆئابیش هەستان و هاتنە لای بالاق و گوتیان: «بەلعام ڕازی نەبوو لەگەڵماندا بێت.»

15 ئینجا بالاق دووبارە پیاوی گەورەی زۆرتر و بەڕێزتری لەوانەی پێشووتر نارد. 16 ئەوانیش هاتنە لای بەلعام و پێیان گوت:

«بالاقی کوڕی چیپور ئاوا دەڵێت: با هیچ شتێک ڕێت لێ نەگرێت بێیت بۆ لام، 17 چونکە پاداشتێکی گەورەت دەکەم، ئەوەی پێم بڵێی دەیکەم، ئێستا وەرە و نەفرەت لەم گەلە بکە بۆم.»

18 بەڵام بەلعام وەڵامی دایەوە و بە خزمەتکارانی بالاقی گوت: «ئەگەر بالاق بە پڕی کۆشکەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدانی پەروەردگارم دەربچم، بۆ ئەوەی شتێکی بچووک یان گەورە بکەم. 19 ئێوەش ئێستا ئەمشەو لێرە بمێننەوە، هەتا بزانم یەزدان ئەم جارە چیم پێ دەڵێت.»

20 خودا لە شەودا هاتە لای بەلعام و پێی فەرموو: «لەبەر ئەوەی ئەو پیاوانە هاتوون هەتا بانگت بکەن، هەستە و لەگەڵیاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.»

ماکەری بەلعام

21 بەلعامیش بەیانی هەستا و ماکەرەکەی کورتان کرد و لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب بەڕێکەوت. 22 بەڵام کاتێک بەڕێکەوت تووڕەیی خودا جۆشا، ئینجا فریشتەی یەزدان لەسەر ڕێگا بۆی وەستا، هەتا بەربەرەکانێی بکات. لەو کاتەی بەلعام سواری ماکەرەکەی ببوو و هەردوو خزمەتکارەکەشی لەگەڵی بوون. 23 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێرەکەی هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، ماکەرەکە لە ڕێگاکە لایدا و دایەوە ناو کێڵگە، بەلعامیش لە ماکەرەکەی دا هەتا بیگەڕێنێتەوە سەر ڕێگاکە.

24 ئینجا فریشتەی یەزدان لە ڕێچکەیەکی باریکدا لەنێوان دوو ڕەزدا وەستا کە لەملا و ئەولا دیواری هەبوو، 25 کاتێک ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی ملی دا بە دیوارەکە و پێی بەلعام بەر دیوارەکە کەوت. ئینجا دیسان لە ماکەرەکەی دایەوە.

26 دواتر فریشتەی یەزدان پێشیان کەوتەوە و لە شوێنێکی تەنگەبەر وەستا کە هیچ ڕێگا نەبوو بۆ سوڕانەوە، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا. 27 کە ماکەرەکە فریشتەی یەزدانی بینی، لەژێر بەلعامدا خۆی کێشایەوە، تووڕەیی بەلعام جۆشا و بە گۆچانەکەی لە ماکەرەکەی دا، 28 ئینجا یەزدان دەمی ماکەرەکەی کردەوە و بە بەلعامی گوت: «چیم لێکردوویت؟ بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لێت دام؟»

29 بەلعامیش بە ماکەرەکەی گوت: «چونکە سووکایەتیم پێ دەکەیت، ئەگەر شمشێرم لە دەست بووایە ئێستا دەمکوشتیت.»

30 ماکەرەکەش بە بەلعامی گوت: «باشە من ماکەرەکەی تۆ نیم کە لەو کاتەوەی هەی سوارم دەبیت هەتا ئەمڕۆ، ئایا من لێڕاهاتووم وات لێ بکەم؟»

ئەویش گوتی: «نا.»

31 ئینجا یەزدان چاوی بەلعامی کردەوە و فریشتەی یەزدانی بینی لەسەر ڕێگاکە وەستاوە و شمشێری هەڵکێشاوە و بە دەستیەوەیە، جا بەسەر ڕوویدا کەوت و کڕنۆشی برد.

32 فریشتەی یەزدانیش پێی فەرموو: «بۆچی هەتا ئێستا سێ جار لە ماکەرەکەی خۆتت داوە؟ ئەوەتا من بۆ بەربەرەکانێت هاتووم، چونکە لەبەرچاوی من ڕێگاکەت لاساریکردنە. 33 ماکەرەکە منی بینی هەتا ئێستا سێ جار لە بەرامبەرم خۆی لادا، ئەگەر لە بەرامبەرم خۆی لانەدەدا، ئێستا من تۆم دەکوشت و ئەوم دەهێشتەوە.»

34 بەلعام بە فریشتەی یەزدانی گوت: «گوناهم کرد، من نەمزانی کە تۆ بوویت ئەوەی لەسەر ڕێگا لەپێشم وەستاویت بۆ بەربەرەکانێم، ئێستاش ئەگەر پێت ناخۆشە من دەگەڕێمەوە.»

35 فریشتەی یەزدانیش بە بەلعامی فەرموو: «لەگەڵ پیاوەکاندا بڕۆ، بەڵام تەنها ئەو قسەیەی کە من پێت دەڵێم ئەوە دەکەیت.» ئیتر بەلعام لەگەڵ پیاوە گەورەکانی بالاق بەڕێکەوت.

36 کاتێک بالاق بیستی کە بەلعام هاتووە، چوو بۆ پێشوازیکردنی بۆ ئەو شارۆچکەیەی مۆئاب کە لەسەر سنووری ئەرنۆنە، لەوپەڕی خاکەکەی. 37 بالاق بە بەلعامی گوت: «ئایا بەدوای تۆمدا نەنارد، هەتا بانگت بکەم، ئیتر بۆ نەهاتی؟ ئایا بەڕاستی من ناتوانم پاداشتت بکەم؟»

38 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەوەتا ئێستا هاتم بۆ لات، ئایا ئێستا هیچ توانایەکم هەیە کە خۆم شتێک بڵێم؟ ئەو وشەیەی خودا دەیخاتە دەمم ئەوە دەڵێم.»

39 بەلعام و بالاق بەڕێکەوتن و هاتنە قیریەت حوچۆت، 40 ئینجا بالاق مەڕ و مانگای سەربڕی و بەدوای بەلعام و ئەو پیاوە گەورانەی نارد کە لەگەڵی بوون. 41 بۆ بەیانی بالاق بەلعامی بردە سەرەوە بۆ بامۆت بەعل[a] و لەوێوە ئەوپەڕی گەلی بینی.

یەکەم پەیامی بەلعام

23 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» بالاقیش بەم جۆرەی کرد، وەک بەلعام گوتی. ئیتر بالاق و بەلعام بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکیان سەرخست.

ئینجا بەلعام بە بالاقی گوت: «تۆ لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەڕۆم، لەوانەیە یەزدان بۆ بینینم بێت و هەرچی پیشانم بدات پێت دەڵێم.» ئینجا بۆ شوێنێکی بەرز و چۆڵ چوو.

خودا هاتە لای بەلعام، بەلعامیش پێی گوت: «حەوت قوربانگام ئامادە کرد و گایەک و بەرانێکم خستە سەر هەر قوربانگایەک.»

یەزدان وشەی خستە دەمی بەلعام و فەرمووی: «بۆ لای بالاق بگەڕێوە و ئاوا بڵێ.»

ئەویش گەڕایەوە لای و بینی وا لەگەڵ هەموو پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. ئیتر بەلعام پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«لە ئارامەوە بالاقی پاشای مۆئاب منی هێنا،
    لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتەوە،
گوتی ”وەرە نەفرەت لە یاقوب بکە بۆم،
    وەرە جنێو بە ئیسرائیل بدە.“
چۆن نەفرەت بکەم
    کە خودا نەفرەتی نەکردبێت،
چۆن جنێو بدەم
    کە یەزدان جنێوی نەدابێت؟
چونکە لەسەر تاوێرەکانەوە دەیبینم،
    لە گردەکانەوە تەماشای دەکەم،
گەلێک وا بە تەنها نیشتەجێ بووە،
    خۆی بە یەکێک لە نەتەوەکان دانانێت.
10 کێ خۆڵی یاقوبی ئامار کردووە،
    کێ چارەکی ئیسرائیلی ژماردووە؟
با وەک مردنی سەرڕاستان بمرم و
    کۆتاییم وەک ئەوان بێت!»

11 بالاق بە بەلعامی گوت: «چیت پێکردم! بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنانم تۆم هێنا، کەچی وا داوای بەرەکەتیان بۆ دەکەیت!»

12 ئەویش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا ئەوە نەڵێم، ئەوەی کە یەزدان دەیخاتە سەر زارم تاکو بیڵێم؟»

دووەم پەیامی بەلعام

13 ئینجا بالاق پێی گوت: «لەگەڵم وەرە بۆ شوێنێکی دیکە هەتا بیانبینیت، بەڵام تەنها بەشێکی دەبینیت و هەمووی نابینیت، لەوێوە نەفرەتیان لێ بکە.» 14 جا بردیە کێڵگەی چۆفیم بۆ سەری پسگە و حەوت قوربانگای بنیاد نا و هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی سەرخستە سەری.

15 بەلعام بە بالاقی گوت: «لێرە لەلای قوربانی سووتاندنەکەت بوەستە و من دەچمە ئەوێ بۆ گەیشتن بە یەزدان.»

16 یەزدان بە بەلعام گەیشت و وشەی خستە دەمی و فەرمووی: «بگەڕێوە لای بالاق و ئاوا بڵێ.»

17 ئەویش هاتە لای و بینی وا لەگەڵ پیاوە گەورەکانی مۆئاب لەلای قوربانی سووتاندنەکەی وەستاوە. بالاق لێی پرسی: «یەزدان چی فەرموو؟»

18 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«هەستە و گوێ بگرە بالاق،
    گوێم بۆ شل بکە ئەی کوڕی چیپور،
19 خودا مرۆڤ نییە هەتا درۆ بکات،
    کوڕی مرۆڤیش نییە هەتا بڕیاری بگۆڕێت.
ئایا قسە دەکات و ئەنجامی نەدات؟
    یان بەڵێن دەدات و نایباتە سەر؟
20 فەرمانم پێدراوە داوای بەرەکەت بکەم،
    ئەو بەرەکەتداری کردووە و من ناتوانم بیگۆڕم.

21 «لە یاقوبدا بەدبەختی بەرچاو نەکەوتووە،
    لە ئیسرائیلدا مەراقی نەبینیوە،
یەزدانی پەروەردگاریان لەگەڵیاندایە،
    هوتافی پاشای لەنێویاندایە.
22 خودا لە میسر دەریهێنان،
    ئەوانە هێزی گای کێوییان هەیە.
23 جادووگەری لە دژی یاقوب بە کەڵک نایەت،
    فاڵگرتنەوەش لە دژی ئیسرائیل بێ سوودە.
ئێستا دەربارەی یاقوب و ئیسرائیل دەگوترێت،
    ”سەیر بکە خودا چی کردووە!“
24 گەلێک وەک شێرە مێ هەڵدەستێت،
    وەک نەڕەشێر بەرز دەبێتەوە،
ناخەوێت هەتا نێچیرێک نەخوات و
    خوێنی کوژراوان نەخواتەوە.»

25 ئینجا بالاق بە بەلعامی گوت: «نە نەفرەتی لێ بکە و نە داوای بەرەکەتی بۆ بکە.»

26 بەلعامیش وەڵامی دایەوە: «پێم نەگوتیت ئەوەی یەزدان بیڵێت، ئەوە دەکەم؟»

سێیەم پەیامی بەلعام

27 بالاقیش بە بەلعامی گوت: «وەرە بتبەمە شوێنێکی دیکە، بەڵکو لەبەرچاوی خودا باش بێت و لەوێوە بۆ من نەفرەتیان لێ بکە.» 28 ئینجا بالاق بەلعامی بردە سەر لووتکەی پەعۆر کە دەڕوانێتە سەر چۆڵەوانی.

29 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «لێرە حەوت قوربانگام بۆ دروستبکە و هەر لێرە حەوت گا و حەوت بەرانم بۆ ئامادە بکە.» 30 بالاقیش وەک بەلعام چی گوت ئاوای کرد، بۆ سەر هەر قوربانگایەک گایەک و بەرانێکی خستە سەری.

24 کاتێک بەلعام بینی لەبەرچاوی یەزدان پەسەندە کە ئیسرائیل بەرەکەتدار بکات، وەک جاری یەکەم و دووەم بەڕێ نەکەوت بۆ جادووگەری، بەڵکو ڕووی لە چۆڵەوانی کرد. کاتێک بەلعام چاوی هەڵبڕی نەوەی ئیسرائیلی بینی هۆز لەتەنیشت هۆز چادریان هەڵداوە، ڕۆحی خوداش هاتە سەری، ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«پەیامەکەی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
    پەیامەکەی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
    ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
    ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاو کراوەیە:

«چادرەکانت چەند جوانە ئەی یاقوب،
    نشینگەکانت ئەی ئیسرائیل!

«وەک ئەو دۆڵانەی درێژ بوونەتەوە،
    وەک باخچەی کەناری ڕووبار،
وەک ئەو درەختە ئەلوایانەی[b] کە یەزدان چاندبێتی،
    وەک ئورزی قەراغی ئاو،
گۆزەکانی ئاویان لێ دەڕژێت و
    تۆوی ئەوان لەسەر ئاوی زۆر دەبێت.

«پاشای لە ئەگاگ باڵاتر دەبێت و
    شانشینەکەی پایەدار دەبێت.

«خودا لە میسر دەریهێنان،
    وەک شاخی گای کێوییە بۆیان،
ئەو نەتەوانەی ناحەزی دەکەن دەیانخۆن و
    ئێسکیان تێکدەشکێنن و
    بە تیرەکانیان دەیانبڕن.
خۆیان وەک شێر ماتداوە و ڕاکشاون،
    وەک شێرە مێ، کێ هەڵیاندەستێنێت؟

«بەرەکەتدار بن ئەوانەی بەرەکەتدارتان دەکەن،
    نەفرەت لێکراو بن ئەوانەی نەفرەتتان لێ دەکەن.»

10 ئینجا تووڕەیی بالاق بەسەر بەلعامەوە گڕی گرت، چەپڵەی لێدا و بە بەلعامی گوت: «بۆ نەفرەتکردن لە دوژمنەکانم بانگم کردوویت، کەچی تۆ سێ جار داوای بەرەکەتت بۆ کردن، 11 ئێستاش بگەڕێوە شوێنی خۆت، گوتم پاداشتێکی گەورەت دەکەم، بەڵام یەزدان ڕێگری لێ کردیت کە پاداشتەکەت وەربگریت.»

12 بەلعامیش بە بالاقی گوت: «ئەی من بە نێردراوەکانتم نەگوت کە بۆ لای منت ناردبوون، 13 ”ئەگەر بالاق بە پڕی خانووەکەی زێڕ و زیوم پێبدات ناتوانم لە فەرمانی یەزدان دەربچم، بۆ ئەوەی لە خۆمەوە چاکەیەک یان خراپەیەک بکەم، ئەوەی یەزدان بیڵێت ئەوە دەڵێم؟“ 14 ئێستاش وا من بۆ لای گەلەکەم بەڕێ دەکەوم، بەڵام وەرە با پێت بڵێم کە ئەم گەلە لە دوارۆژدا چی لە گەلەکەت دەکات.»

چوارەم پەیامی بەلعام

15 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«پەیامی بەلعامی کوڕی بەعۆر،
    پەیامی ئەو پیاوەی چاوی کراوەیە،
16 پەیامی ئەوەی گوێی لە وشەکانی خودایە،
    کە زانینی هەیە لە هەرەبەرزەوە،
ئەوەی خودای هەرە بە توانا بینینی بۆ ئاشکرا دەکات،
    ئەوەی بەسەر ڕوودا دەکەوێت، بەڵام چاوی کراوەیە:

17 «دەیبینم، بەڵام ئێستا نا،
    چاوم پێی دەکەوێت، بەڵام بەم نزیکانە نا.
ئەستێرەیەک لە یاقوب دەردەکەوێت و
    داردەستێک لە ئیسرائیل هەڵدەستێت.
ناوچەوانی مۆئاب دەشکێنێت،
    کاسەسەری هەموو نەوەی شیت[c] تێکدەشکێنێت.
18 ئەدۆم داگیر دەکرێت،
    سێعیری دوژمنیشی دەبێتە خاوەندار،
    بەڵام ئیسرائیل قارەمانیێتی دەنوێنێت.
19 ئەوەی لە یاقوبەوەیە دەسەڵاتدار دەبێت،
    بەجێماوەکان لە شار لەناودەبات.»

پێنجەم پەیامی بەلعام

20 ئینجا بەلعام عەمالێقی بینی و پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«عەمالێق یەکەمی نەتەوەکان بوو،
    بەڵام کۆتاییەکەی لەناوچوونە.»

21 ئینجا قێنییەکانی بینی و پەیامەکەی پێ ڕاگەیاندن و گوتی:

«نشینگەکەتان پتەوە و
    هێلانەکەتان لەناو تاشەبەردە،
22 بەڵام ئەی قێنییەکان ئێوە وێران دەبن،
    کاتێک ئەشوورییەکان بە دیلتان دەگرن.»

23 ئیتر پەیامەکەی ڕاگەیاند و گوتی:

«ئای کێ دەژیێت کاتێک خودا ئاوا دەکات،
24     لەلای کەنارەکانی کیتیمەوە[d] کەشتییەکان دێن و
ئەشوور و عێبەر ژێردەستە دەکات،
    بەڵام ئەوانیش بۆ لەناوچوونن.»

25 ئینجا بەلعام هەستا و بەڕێکەوت و گەڕایەوە شوێنی خۆی، بالاقیش بە ڕێگای خۆیدا ڕۆیشت.

Footnotes

  1. 22‏:41 مەبەست لە شوێنێکی بەرزە بۆ قوربانیکردن و ڕێوڕەسمی پەرستنی بتی بەعل.‏
  2. 24‏:6 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک (سەباڕ)، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏
  3. 24‏:17 نەوەی شیت کوڕی ئادام، واتە گەلی مۆئاب.‏
  4. 24‏:24 قوبرس و کەنارەکانی ڕۆژئاوای.‏